تێبینیێک لە سەر شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆ

چاوەڕوانی گۆدۆ
نووسەر: ساموێل بێکێت
ساڵ: 1953

شەڕی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا

چاوەڕوانی گۆدۆ، چاوەڕوانی مرۆڤە بۆ ئەوەی ژیان ئاڵۆزی و نهێنیەکانی خۆی شێ بکاتەوە و نهێنیەکانی دەر بخات. پەیوەندی مرۆڤە لەگەڵ دەروون و ویژدانی خۆیدا. نامرۆڤایەتی ئینسان بەرانبەری خۆی. پرسیارە لە مەعنا و واتاکان. مەعنایەک هەیە؟ گەڕان بە شوێن وەڵامەکاندا کارێکی ڕەوایە؟ یان دەشێ هەتا بۆمان دەکرێ هەر وا کوێرانە بەرەو پێش بچین و تەنیا بۆ پشوودانێکی کورت جار جارێک ڕاوەستین؟ چونکە وەڵامەکان وەکوو گۆدۆ هیچکات دەرناکەون، بیر و کردەوەکانی ئێمەش هیچ لەم بابەتە ناگۆڕێ.

گەرچی لە ڕووکاری بەرهەمەکەدا وا دیارە کە چاوەڕوانی گۆدۆی بێکێت شانۆنامەیەکی تراژیدیی-کۆمێدیە سەبارەت بە دوو کەسی هەژار و دەربەدەر کە چاوپێکەوتنێکیان هەیە لەگەڵ دوو پیاوی گێژ و وڕ و خەمباری دیکە، بەڵام بە بڕوای من بێکێت ویستوویە سەبارەت بە کێشە و جەنگی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا بنووسێت.

ئێستراگۆن کە گرنگترین شت بەلایەوە ئەوەیە کە پۆستاڵە تەنگ و بۆگەنەکانی لە پێ دەر بێنێ، ژیانی بە هەموو زەحمەت و برینەکانیەوە قبووڵ کردووە. دەڵێی بڕوای بەوەیە کە پێویستە لەگەڵ ئەو شتانە وا ژیان بۆمانی دەخولقێنێ و لە ڕێگاماندا تووشیان دەبین بە بێ هیچ جوڵە و مشتومڕێ ڕێک کەوین و بەرەنگاریان نەبینەوە. گەر وامان کرد، لە ئاکامدا ژیان خۆی هەموو شتێک جێ بەجێ دەکات. بۆچی کاتی خۆمان لە کیس بدەین لە پێناوی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ژیان بۆ ئەو شێوەیە کە دەمانەوێ! بۆچی دژایەتی شتێک بکەین کە نەگۆڕە؟ ئەگەر بڕیار بێ کە ژیان هێرش باتە سەرمان، ڕەنگە هەر بە هەمان شێوە بڕیار درابێ کە ئێمەش ئیزنی پێ بدەین. ئەگەر دژایەتی نەکەین، لەوانەیە کۆتایی بێت و بە کەمترین زیان دەربازمان بێت. ئیدی دەتوانین دیسان هەتا جارێکی دیکە و کارەساتێکی دیکە، ئاسوودە بین. ئەگەر ئیزن بە ژیان بدەی هەر شتێکی دەوێ بیکات، تەنانەت خراپترین شتیش کە مردنی ئێمەی لەگەڵدا بێ، دیسان کێشەیەکی نیە و هەر باشە.

بەڵام ڤلادیمیر شتێکی زۆرتری دەوێ. ئەو بەردەوام هیوای هەیە شتێک ڕوو بدات و ژیانی باشتر بکات. ئەو هیوادارە گۆدۆ بێت و وەڵامێکی پیشان بدات، هەر وەڵامێک بێت گرنگ نیە. ڤلادیمیر تێناگات کە بۆچی ئێستراگۆن ئەوەندە بێزار و کەمتەرخەمە.

ڤلادیمیر ئەو بەشەی ناخی ئێمەیە کە چاوەڕوانین ژیان وەڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە. ئەو بەشەی ئێمە کە چاوەڕوانی یارمەتی کەسانی دیکەیە تا ئەو گەنج و سامانە بەنرخە بدۆزینەوە کە وادەزانین لە شوێنێکدا بوونی هەیە و چاوەڕێمان دەکات. ڤلادیمیر و ئێستراگۆن هیچ یەکیان ئەوەندە بە ژیانەوە نەبەستراون و هەستێکی ئەوتۆیان بەرانبەر ژیان نیە کە واز لە بیرۆکەی خۆکوژی بێنن. ئەوان بەردەوام دەیانەوێ لە دارێک کە لە پەنایاندایە خۆیان هەڵواسن و کۆتایی بە ژیانیان بێنن. هەر دووکیشیان دەزانن کە ئەم شتە ڕوو نادات. ئەم باس و بیرۆکەیە شێوەیەکە بۆ تێپەڕاندنی کات: ‘دەگەڕم، بەم چاوە چکۆلانەمەوە دەگەڕم بۆ درەختێک خۆمانی لێ هەڵواسین.’ ئەمە هەر ئەو شێوەیەیە کە هەندێک جار بۆ ڕێ هاتن لەگەڵ کێشەکانماندا بەکاری دێنین، چونکە ئێمە بەجۆرێک لە دڵسووتاندن بۆ خەمەکانمان چێژ دەبینین.

ڤلادیمیر پێویستی بە ئێستراگۆنە بەڵام ئەو هەست و نیازەی دەر ناخات. ئێستراگۆن دڵخۆشە بە تێپەڕ کردنی کات لەگەڵ ڤلادیمیر. ئێمە پێویستمانە خۆمان دڵنیا کەین کەسێکی بەنرخین. لە دەروون و نیهادی خۆماندا بە شوێن شتێکدا دەگەڕین کە هۆکارەکانمان بۆ وجوود و بوونمان بسەلمێنێت. ئەگەر بایەخ بەمە نەدەین، چ بە سەرماندا دێت؟ ئیدی پێویستیێکمان بۆ پەیوەندیێکی قووڵ لە گەڵ دەروونماندا نامێنێت. لە ڕاستیدا ڤلادیمیر و ئێستراگۆن دەروون و نیهادی یەکدین.

کاتێک پۆزۆ و لووکی لە سەر دیمەنەکە دەر دەکەون، ڤلادیمیر بە دەرفەتێکی دیکەی دەزانێ لەو دۆخە کز و بێوزەیە بێتە دەرێ. دەکرێ پۆزۆ، گۆدۆ بێت؟ نا؟ دەی باشە، ئێستا ئەو دەتوانێ بابەتێکی خێر و چاک بێت کە ئەوان دوور بخاتەوە لەو دۆخە، هاوکات دەشتوانن درێژە بە چاوەڕوانیەکەیان بدەن.

پۆزۆ تا کاتێک لووکی بە کار دێنێ کە شتێکی بۆ پێشکەش کردن هەبێت. بەڵام کاتێک ئەو شتەی کە پۆزۆ پێویستییە لە دەست دەدات، ئیدی لووکی دەبێتەوە کۆیلەیەکی ڕۆژڕەش. لووکی کۆیلەی پۆزۆیە و پۆزۆ دەیەوێ بە پارەیەکی زۆر بیفرۆشێت.

ڤلادیمیر و ئێستراگۆن زۆر دڵیان بە لووکی دەسوتێت بەڵام هیچی بۆ ناکن، بەتایبەت ئەو کاتەی کە ڕەنگە لووکی باوەڕی نەمابێت هیچ یارمەتیێکی پێ بگات و تەنانەت یارمەتیشی ناوێ. لووکی کەسێکە ئەو هۆش و ژیرییەی جارانی لە دەست داوە و لەوانەیە بە تەنێ بمێنێتوە.

زۆر کات لە کەسێکدا تەنیا ئەو شتە دەبینین کە بۆمان سوودی هەیە، نەک ئەو کەسە خۆی. کاتێک لە کەسێک بێزار دەبین کە ئیدی بۆمان سوودێکی نیە یان ناتوانێ ئەو شتانەی دەمانەوێ بۆمان جێ بە جێ بکات، ئیدی دەبن بە قورسایی و بارگرانیێک بە سەر شانمانەوە. ئێمە بەرانبەر ئەو شتانەی کە ڕۆژانێک سەرنجمانی ڕا دەکێشا کوێر دەبین و ئیدی پاڕانەوەکانیان بۆ خۆشەویستی نابیستین.

لە ڕوانگەیەکی بەربڵاوترەوە، کاتێک ئیدی گرنگی بە کەسێک نادەین، ئێمە بەرانبەر کێشەکانی دونیا کوێر دەبین و ئیدی هەست بەو کێشانە ناکەین، ئەو کەسە چەوساوە لەوانەیە توانای قسە کردنی نەمێنێت و نەتوانێت لەگەڵماندا بدوێ.

کات تێپەڕ دەبێت. دوێنێ بوو؟ ساڵی پار بوو؟ کەی بوو کە بۆ دواهەمین جار ڤلادیمیر و ئێستراگۆن لێرەدا چاوەڕوانی هاتنی گۆدۆیان دەکرد؟ کەی بۆ دواهەمین جار پۆزۆ و لوکییان دی؟ گرنگە؟ لە ڕاستیدا ڕۆژ، ساڵ یان تەمەن چین؟ مرۆڤ تەمەنی لە چاوەڕوانیدا دەژی. مرۆڤ چاوەڕوانە لە دایک بێت، چاوەڕوانە گەورە بێت و ببێت بە پیاو، چاوەڕوانە سەرکەوتوو بێت، چاوەڕوانە عەشقێکی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە، چاوەڕوانی دۆزینەوەی ئاسوودەییە، هەروەها چاوەڕوانی مەرگە. هەر لەو کاتانەی چاوەڕوانی شتەکانە و لە چاوەڕوانیدا کات دەباتە سەر، بیر دەکاتەوە، ڕووبەڕووی زۆرێک بڕیار دەبێتەوە، لە گەڵ خۆیدا لە ململانێدایە کە چ ڕێگایەک بگرێتە بەر، دەبێت وەکوو ڤلادیمیر بەو هیوایە بێت کە سبەینێ وەڵامەکان ئاشکرا دەبن؟ یان دەبێ وەکو ئێستراگۆن ئیدی بە شوێن وەڵامەکاندا نەبێت و گەڕان بە شوێن وەڵامەکان لە بیر خۆی باتەوە؟ شیاوە کە ڕاوەستێ ژیان بچێتە پێشێ و ڕووداوەکان ڕوو بدەن و ئەمیش لەگەڵ شەپۆلەکەدا بڕوات؟

ئەگەر ئەو کەسانەی دەورووبەری، کێشەو ئازارێکیان هەبێت یان هەڕەشەیەک لە سەریان بێت، پێویستە ئەو یارمەتی بدات؟‌ ئەگەر یارمەتی دا و تووشی کێشە هات، دەبێ واز بێنێت و بڕوات تا کەسێکی دیکە ئیشەکە چارەسەر کات یان هەستێتەوە و دیسان هەوڵ بدات بۆ ڕزگار کردنی ئەو کەسە چەوساوەیە؟

چاوەڕوانی گۆدۆ چاوەڕوانی مرۆڤە بۆ ئەوەی ژیان نهێنیەکانی خۆی دەربخات. پیشاندەری پەیوەندی مرۆڤە و نیهادی خۆی. نامرۆڤایەتی مرۆڤە بەرانبەر مرۆڤ. پرسیارە لە مەعنا. مەعنایەک بوونی هەیە؟ شیاوە کە بۆ وەڵامەکان بگەرێین یان دەبێ هەر وا کوێرانە بەرەو پێش بڕۆین و تەنیا بۆ پشوو دانێکی کورت ڕاوەستین. چونکە وەڵامەکان هەر وەکوو گۆدۆ هیچ کات نایەن، بیر و کردەوەکانی ئێمەش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێن.

مەرگارێت گوملەی

سەرچاوە: Literature Study Online

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.