تێبینی فلیم: دزی ڕاستگۆ

دزی ڕاستگۆ – Honest Thief
دەرهێنەر: مارک ویلیامز
ئەکتەران: لیام نیسن، کایت والش، ڕۆبەرت پاتریک، ئانتۆنی ڕامۆس، جەفری دۆنۆڤان
دەرچوون: ٢٠٢٠

لیام نیسن دەوری دزە ڕاستگۆکەی نێو فلیمەکە دەگێڕێت. تۆم کارتەر دزێکە کە تا ئێستا ٩ ملیۆن دۆلاری لە ١٢ بانک لە حەوت وڵاتی ئەمەریکا دزیوە. کاتێک دەچێتە نێو ناوەندی عەمبار کردنێکەوە لە بۆستۆن بۆ ئەوەی پارەکان بشارێتەوە، ژنێک دەبینێت و خێرا هەستی خۆشەویستی دەجووڵێت. ئانی (کایت واڵش) کە بۆ بەدەست هێنانی پارەی خوێندنی باڵا لەوێ ئیش دەکات. پاش ساڵێک پێوەندییەک لە نێوانیاندا درووست بووە و تۆم بڕیاری داوە ژیانێکی نوێ و هێمن و خاوێن درووست بکات. پۆلیس هیچ سەرەداوێکی لە دزییەکان پێ نییە. تۆم دەتوانێ بەس لە پارەکان گەڕێ و بەردەوام بێت و کەس پێ نەزانێت بەڵام هەروا کە ناوی فلیمەکە ئاماژەی پێ دەکات ئەو دزێکی ڕاستگۆیە و دەیەوێت لەمەوبەدوا بە شەرەف و پاکییەوە بژیت و ڕابردووی بسڕێتوە. پێوەندی بە پۆلیسەوە دەکات و پەلەیە کە پارەکان بداتە دەستەوە بە مەرجێک کەمترین سزای بۆ دەستنیشان بکەن. دواتر کە دوو ئەفسەری پۆلیس واتە نیڤەنز (جای کۆرتنی) و هاڵ (ئانتۆنی ڕامۆس) دێن بۆ پشکنین، بڕوای پێ ناکەن و پێیانوایە وەکوو دانپێدانانەکانی پێشوو کە لەو چەند ساڵەدا بیستوویانە ئەمیش درۆ دەکات. کاتێک پارەکە دەبینن چڵێس دەبن و بڕیار دەدەن بیبەن بۆ خۆیان و ئەفسەرێکی دیکەی پۆلیس دەکوژن و تاوانەکە دەخەنە پاڵ تۆم. ئێستا تۆم ناچارە درێژەی فلیمەکە بۆ سەلماندی بێتاوانی خۆی شەڕ بکات و هەموو هێزی خۆی بخاتە گڕ.

نیسن لە ٦٨ ساڵیدا وەکوو هەمیشە هەموو شتێک بە وردەکارییەکانیەوە جیدی وەردەگرێت؛ لە مست و ڕاوەدوونانەوە تاکوو تەقە کردن و تەقاندنەوە. سەرەتای فلیمەکە زۆرتر سەرنج دەخرێتە سەر ناساندی کەسایەتییەکان و ژیانی تایبەتییان بۆ نموونە ئەفسەر مایەرز (جەفری دۆنۆڤان) بەمزوو  لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە، ژنەکەی هەموو ماڵ و سامانەکەیانی بردووە و ئەم بەس سەگێکی بۆ ماوەتەوە. پاشان دەچێتە نێو ئاکشنەکانی فلیمەکە و ڕاوەدوونان و هەندێک شەڕی مستانی کە زۆر بەهێز نیین و بەگشتی ڕووداوەکان زۆر خێرا ڕوودەدەن. کەسایەتی نیڤەرز هیچ تایبەتمەندییەکی نییە چڵێسی نەبێت، کەسایەتییەکی تەواو ڕەشە و بێجگە پارە هیچی بەلاوە گرینگ نییە. هاڵ سەرەتا دوودڵە بەڵام دەکەوێتە نێو ئیشەکەوە. پێوەندی نیسن و کایت چڕ و بەهێزە، بەشەکانی چیرۆکەکە بۆ بەرهەمێکی بەهێزتر کۆبوونەتەوە بەڵام لە دواییدا ناتوانێت بە قەد پێویست دڵخۆشکەر بێت. تۆم و ئەفسەر مایەرز دۆخی ژیان و ئیشیان جیاوازە بەڵام شتێک کۆیان دەکاتەوە ئەویش ڕاستگۆیی و پاراستنی دەستوورە ئەخلاقییەکانە؛ بەپێچەوانەی کەسانێک وەکوو هاڵ و نیڤەنز.

بەگشتی ئاکشنێکی مامناوەندییە کە بۆ کات تێپەڕاندن و ڕابواردن دەتوانێت فلیمێکی باش بێت بەڵام شتێکی ئەوتۆ تایبەتی تێدا نییە؛ هەندێک شەڕە تفەنگ و شوێنکەوتن و شەڕە مست لەگەڵ چیرۆکێکی ساکار کە پێشگۆیی کردنی هیچ ئەستەم نییە.

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.