سەرنجڕاکێشترین دیالۆگەکانی واڵتەر وایت

واڵتەر وایت یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پاڵەوانەکانی نێو زنجیرە فلیمەکان بوو کە بینەرانی تووشی ئەو کێشمەکێشەیە دەکرد کە ئاخۆ ڕقیان لێ بێت یان پاڵپشتی بکەن و دڵیان پێ بسووتێت. بە هێواشی بەڵام بە جۆرێکی ترسناک لە مامۆستایەکی هێمنی کیمیاوە دەگۆڕێ بۆ پاشایەکی جیهانی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان و کەسایەتییەکی وەها ترسناکی لێ دەردەچێت کە کەس ناوێرێت بەرانبەری قسە بکات و هەندێ جار بە هەندێک وشەی کورت و نیگایەکی گرژ و مۆنەوە ترسێکی قووڵ لە دڵی بەرانبەکەیدا دەچێنێت. سەرەتا توانای لە ساز کردنی باشترین مادەکاندا سەرنجی بۆ ئەم ئیشە ڕادەکێشێت بەڵام دواتر تینوویەتی بۆ گەیشتن بە هێز و دەسەڵاتی زۆرتر، هانی دەدات بۆ بەردەوام بوون لەم ڕیگایەدا. سەرەتا ئامانجێکی ڕوونی هەیە بەڵام ڕابردوویەکی خەماوی ژیانی و تووشیار بوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە وا دەکات بە ڕێگایەکی ترسناکدا بڕوات و کەسایەتییەکەی بە تەواوی بگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی دیکە. لەم ڕیگایەدا بە درێژایی چیرۆکەکە هەندێک لە جوانترین دیالۆگەکانی نێو زنجیرەکانی لێ دەبیستین.

لێرەدا هەندێک لە جوانترین دیالۆگەکانی واڵتەر وایت لە زنجیرەی گۆڕانی خراپ (Breaking Bad)دا بخوێنەوە:

تۆ باش نازانی لەگەڵ کێدا خەریکی قسە دەکەی، با بۆتی ڕوون بکەمەوە. من لە مەترسیدا نیم سکایلەر، من خۆم مەترسیم. زەلامێک دەرگاکە دەکاتەوە و تەقەی لێ دەکرێ و تۆ وادەزانی ئەوە منم؟ نا! من ئەو کەسەم کە لە دەرگا دەدات!

ئەمە یەکێک لە مەنشوورترین تاکبێژییەکانی واڵتەر وایت لە زنجیەرەکەدا بوو. ئەمەی لە کاتێکدا گوت کە سکایلەر بۆ یەکەم جار تێگەیشت هاوژینەکەی چ گۆرانکارییەکی بەسەردا هاتووە. بێجگە لە شێوەی گوتنەکەی واڵتەر، نیگای سکایلەریش بێ ئەوەی هیچ بڵێت، ترس و دڵەڕاوکێیەکی تایبەت دەخاتە نێو ئەم دیمەنە لە فلیمەکەوە.

ئەگەر نازانی من کێم، ئیدی ڕەنگە باشترین وانە بۆت ئەوە بێت کە ئاگات لە خۆت بێت

واڵتەر یان هایزەنبێرگ کەس ناوێرێت سەر بنێتە سەری و هەر کەس بیەوێت سووک لە گەڵی مامەڵە بکات، لە ئاکارەکەی پەژیوان دەبێتەوە. لێرەدا ئەگەر چی دیالۆگەکەی زۆر کورتە بەڵام شێوازی گوتن و نیگای وا دەکات ترسێکی قووڵ بچێتە نێو دڵێ بەرانبەرەکەیەوە.

من هەموو تەمەنم لە نێو ترسدا بە سەر بردووە، هەمیشە ترساوم لەو شتانەی دەکرێ ڕوو بدەن، ڕەنگە ڕوو بدەن، ڕەنگە ڕوو نەدەن. من ٥٠ ساڵم بەم شێوازە تێپەڕ کردووە. لە کاتژمێری سێی بەیاندیدا لە خەو ڕادەبووم. بەڵام دەزانی چییە؟ لە کاتێکەوە کە بە نەخۆشینەکەمم زانیوە، بە ئاسوودەیی دەخەوم. ئەو شتەی لێ تێگەیشتووم ئەمەیە کە ترس لە هەموو شتێک خراپترە، دوژمنە ڕاستەقینەکە ئەوەیە. ئیدی هەستە، هەستە و بچۆ نێو جیهانی ڕاستەقینەوە و بە ئەوپەڕی هێزتەوە بکێشە نێو دەمی ئەو زۆڵەدا.

لەم تاکبێژییەدا واڵتەر لەگەڵ هاوزاواکەیدا قسە دەکات و دانی پێدا دەنێت کە ئاگادار بوونەوە لە نەخۆشینەکەی وای کردووە هەموو ترسەکانی لە بیر باتەوە، ئیدی لە ئێستادا بژیت و ئەو شتەی پێویستە بیکات.

من ئەو ئیشەم بۆ خۆم کرد. چێژم لێ دەبینی. لە ئیشەکەدا بەهێز بووم. بە ڕاستی… بەڕاستی هەستم بە زیندوو بوون دەکرد.

لە سەرەتادا کە واڵتەر دەستی کرد بە ئەم ئیشە ئامانجی ئەوە بوو لە ڕێگەی زانستە کیمیایەکانییەوە هەندێک پارە پاشەکەوت بکات بۆ پاشەڕۆژی ژن و منداڵەکەی لە دوای مردنی. بەڵام کە دوایی دەچێتە نێو جەرگەی ئیشەکەوە بەوە دەگات کە دەتوانێ زۆرتر بچێتە پێشەوە و دەستکەوتی زۆرتری هەبێت. پاش ساڵانێک کە بە هۆی خیانەتی هاوڕێ کچەکەی و هاوڕێکەی پارەیەکی زۆری لە دەست چووبوو و ئێستا بە نابەدڵ وانەی کیمیای دەگوتەوە، ئێستا بەو قەناعەتە گەیشتبوو کە پێویستە شتێک بکات.

جێسی تۆ لێت پرسیم ئاخۆ لە ئیشی مادەی هۆشبەردام، یان لە ئیشی پارە… هیچیان. من لە ئیشی ئیمپەراتوورییەتدام

لە درێژەی چیرۆکەکەدا لە بنەڕەتی خواستی واڵتەر بۆ دەسەڵات تێدەگەین: لە ساڵانێکی ڕابردوودا بەشی خۆی لە کۆمپانیای گرای مەتێر بە پارەیەکی زۆر کەم دەفرۆشێ، کۆمپانیایەک کە نیوەی دەبوا هی ئەم بایە. ئێلیوت شوارتزی هاوڕێی و ئەو کچە کە ئەوکات لەگەڵ واڵتەر ژوانیان دەکرد، هاوسەرگیری دەکەن و لە ڕێگای ئەو کۆمپانیایەوە بە ملیۆنان پارە کۆ دەکەنەوە. ئیدی بەم چەشنە ئامانجی واڵتەر بۆ پاشەکەوت کردنی پارە بۆ بنەماڵەکەی پەرە دەستێنێت و دەگۆڕێت بۆ ئەوەی کە شتێک بە خۆی بسەلمێنێت، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگای ساز کردنی مادە هۆشبەرەکانەوە بێت.

من سەیری مردنی جەینم کرد. لەوێ بووم و سەیری مردنیم دەکرد. سەیریم دەکرد کاتێ خەریک بوو دەخنکا. دەمتوانی ڕزگاری بکەم بەڵام نەمکرد.

کاتێ جەین لە سەرەمەرگدا بوو واڵتەر لە بان سەریەوە ئامادە بوو. مابووەوە کە ئاخۆ یارمەتی بدات یان لێگەڕێ بمرێت. بەڵام دوایی لەبەر ئەوەی ئەو کچە جێسی لە ئامانجەکانی دوور دەخستەوە، هێشتی بمرێت و کاتێک ڕاستییەکەی بۆ جێسی درکاند، بوو بە هۆی پەشۆکان و تێکشکانێکی گەورە لە جێسی دا.

نێوی من واڵتەر هارتوێڵ وایتە. لە ‘نێرگا ئارۆیا لاین، ئەلبەکێرکی، نیوو مەکزیکۆ’ دەژیم. بە هەموو ڕێکخراوە یاساییەکان دەڵێم ئەمە دانپێدانان بە تاوان نییە. ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەمدا قسە دەکەم. سکایلەر تۆ ئەوینی ژیانمی، هیوادارم ئەوە بزانی. واڵتەری چکۆلە کوڕە چاکەکەم. هەندێک شت هەن لەم ڕۆژانەی داهاتوودا ڕەنگە سەبارەت بە من لێ ئاگادار ببنەوە. بەڵام بەس ئەوە بزانن کە گرینگ نییە ئەو شتانە چۆن دەربکەون، من بەس ئێوەم لە دڵدا بوو، ماڵاوا.

ئەمە دوا قسەکانی واڵتەر لە گەڵ بنەماڵەکەیدا بوو کە بە هۆی ئازاردانیان داوای لێبووردنیان لێ دەکات. بەڵام قەد دان بە هەڵە و تاوانەکانیدا نانێت. دەیەوەێ بڵێت گرینگ نییە چی کردووە و بەس ئەوە گرینگە کە بنەماڵەکەی خۆش دەوێت.

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.