×

شەوانە – حەسەن دەرزی

شەوانە
هۆنراوە: مامۆستا هێمن
گۆرانیبێژ: حەسەن دەرزی

شەوانە ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەی شەو
خەڵک نووستوون و لە چاوی من کەسەر دیسان ڕەواندی خەو
سکووتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیەدا دەگرێ
دەڵێی هەر زیندەوەرێکی هەیە لەم دێیەدا دەمرێ
دەڵێی هەر زیندەوەرێکی هەیە لەم دێیەدا دەمرێ

تەک و تەنیا بە ئارامی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ
بە دڵتەنگی و کز و غەمناکی ڕادەکشێم لە سەر بەردێ
دەکەم جا سەیری ئەستێران و هەڵدەمژم شنەی شەوبا
شەو و بێدەنگی چەن خۆشە، هەمیشە خۆزگە هەر شەو با

پڕ پڕە سینەم لە ژان، ئەی داخەکەم بۆ مەرهەمێ
پڕ پڕە سینەم لە ژان، ئەی داخەکەم بۆ مەرهەمێ
دڵ لە تەنیایی وە ژیان هات، ئەی خودایە هاودەمێ، هاودەمێ
ڕاحەتی و خۆشی لە ڕێگەی عاشقاندا بەڵام هەی کەسم
دڵ دەبا بێشێ بە زامت بۆت بخوازم مەرهەمێ، ئۆی ئۆی

وەکوو ئاواڵی چاک، ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم
هەتا بۆیان بەیان کەم موو بە موو ڕازی دەروونی خۆم
کوڵم هەڵدەستێ ئەو جارە و لە بەر دەردم دەناڵێنم
هەتا ئاوری دڵم دەکوژێتەوە، ئەسرین دەبارێنم

شەوانە گەر نەکەم ئەو شیوەن و ناڵین و گریانە
دەسووتێنێ وجوودم، ئاگری ئەم جەرگە بریانە
بەڵێ گریانی نیوەی شەو نەکا ناسۆری دڵ مەرهەم
کوڵ و کۆم دادەمرکێنێ، بە جێ دێڵێ دڵی من خەم
کوڵ و کۆم دادەمرکێنێ، بە جێ دێڵێ دڵی من خەم

2 سەرنج بۆ “شەوانە – حەسەن دەرزی

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.