×

لێبوردەیی

لێبوردەیی واتە نەمانی ڕق یان تووڕەیی. لێبوردن بە مانای ئاشتەوایی و ئاشتبوونەوە نییە. تۆ ناچار نیت دیسان بچیتەوە نێو ئەو پەیوەندییە و ئەو ئازارانەی پێشوو لەلایەن ئازاردەرەکەوە قەبووڵ بکەیتەوە.

لێبووردن شتێکی هەرە گرینگە بۆ ئەو کەسانەی بوون بە قوربانی. وادەکات ئەو کەسە بەرەو پێش بڕوات بەجێگەی وەستان و سەرقاڵکردنی هەستەکانی لەگەڵ ئەو نادادوەری یان کۆسپە دەروونییە. لێبووردەیی دەبێتە هۆی باشترکردنی جەو و بەرزکردنەوەی ئاستی گەشبینی و خۆپاراستن بەرانبەر تووڕەیی و گوشار و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.

هەڵبەت دۆخگەلێک هەنە کە لێبوردن باشترین بژاردە و ڕێگەچارە نییە بۆ کەسێکی تایبەت. هەندێجار بۆ نموونە قوربانییەکی دەستدرێژی جنسی، بەهێزتر دەبێت کاتێک ئەو ئیزنە بە خۆی دەدات کە تاوانکارەکە نەبەخشێت.

*بەهەڵەدا نەچن! ئەمە بۆ پەیوەندی نێوان تاکەکانە، واتە خراپەگەلێک وەکوو درۆدان یان توانج و تووڕەبوون و دڵ شکاندن و پشتەسەر قسە کردن و بەگشتی ئەو شتانەی لە پەیوەندییە تاکەکسییەکاندا وەکوو لەگەڵ هاوڕێیان، هاوکاران، هاوپۆلییەکان، بنەماڵە یان لەگەڵ خۆشەویستەکەتاندا ئەگەری ڕوودانیان هەیە. بۆ نموونە هاوڕێیەکت درۆیەکت لەگەڵ دەکات و دڵت دەئێشێنێت، یان خراپەیەکت لەگەڵ دەکات کە مەبەستێکی شەیتانی و نەگریسی لەپشت نەبووە. ئەگینا لە باس و پەیوەندی زاڵم و زوڵملێکراو، سەردەست و بندەست، یان چەوساوە و چەوسێنەردا، زوڵملێکراو قەد نابێت کۆڵ بدات و دەبێت شەڕی ڕزگاری بکات. لەم دۆخەدا لێبوردن دەبێت بە هۆی درێژەدان بە زوڵم و ئازارەکان و قەبووڵکردنی بندەستی کە ئەنجامی دەبێت بە داڕمانی دەروونی تاکەکان و ڕووخانی کەرامەتی مرۆڤبوونیان. ئێستا با بگەڕێینەوە سەر باسەکەی خۆمان واتە توانای لێبوردەیی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانماندا.

چۆن لە کەسێک ببوریت کە ئازاری داوی؟

هەندێ جار لێبووردن دەکرێ زەحمەت بێت، بەتایبەت ئەو کاتانەی ئازاردەرەکە بە شێوازێکی ناڕاستگۆیانە داوای لێبوردن دەکات کە هیچ هەستێک لە پەشیمانی تێدا نابینیتەوە، یان تەنانەت هەر هیچ ناڵێت و داوای لێبوردنیش ناکات. بەڵام بەگشتی دیسان لێبوردەیی تەندرووستترین ڕێگای بەردەوامبوونە.

شێوازێکی باو کە لەلایەن دەروونناس ڕۆبەرت ئەنڕایتەوە داهێنراوە، چوار هەنگاو بۆ لێبوردن شرۆڤە دەکات. هەنگاوی یەکەم شیکردنەوەی هەستی تووڕەییەکەتە؛ ئەوەی کە پێدا بچیتەوە و بزانیت کە چۆن ئەو هەستەت کۆنترۆڵ کردووە و ئەو هەستە چۆن دەبینیت. هەنگاوی دووهەم بڕیاردانە بۆ لێبوردن؛ تێگەیشتن لەوەی کە لێگەڕان یان سەرقاڵبوون بە ئازارەکەوە سوودێکی نییە و ڕەنگە لێبووردن ڕێگا خۆش بکات بۆ بەردەوامبوون.

سێهەم، گەشەدان بە هەستی لێبوردەییە لە ڕێگای هاوسۆزی کردن لەگەڵ ئازاردەرەکەوە. بیر لەوە بکەوە کە ئاخۆ ئەو ئازار و خراپەیە کە بەرانبەرت کردوویە، بە مەبەستێکی خراپ و شەیتانی و دلێکی پیسەوە بووە یاخود بەهۆی دۆخی ژیان و ڕووداوەکانی نێو ژیانییەوە بووە. لەکۆتاییدا خۆت لە هەستە زیانبەخش و نەرێنییەکان دوور ڕابگرە و سەرنج بخە سەر ئەوەی کە چۆن ئەو ئەزموونە و هەروەها لێبووردەییەکەت دەکرێت ببێت بە هۆی گەشەکردنت و زیادکردنی ئەزموونەکانت لە ژیاندا.

چۆن بەسەر تووڕەییەکانمدا زاڵ ببم؟

هەندێجار تووڕەیی دەتوانێت تا چەندین ساڵ بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر هۆکاری تووڕەییەکە و ڕووداوەکەمان تێپەڕاندبێت یان لەبیرمان کردبێت. بۆ لابردنی ئەو تووڕەییە، بیر لەوە بکەوە کە ئاخۆ بۆچی ئەو کەسە ئەو خراپەیە بەرانبەرت کردووە و ئازاری داوی؟ بەرگەی ئازارەکە بگرە و پاشان هەوڵ بدە ئەو کەسە ببەخشیت چونکە لێبوردن هەستێک لە هێزت پێدەدات کە زۆر بەهێزترە لە ڕق و تووڕەیی.

چۆن لە هاوژینەکەم ببورم کە خەیانەتی لێ کردووم؟

بڕیاری لێبوردن لە یار یان هاوژینێک کە خەیانەتی بە پەیوەندییەکە کردووە، شتێکی تەواو تایبەتە بە کەسایەتی تاکەکانەوە. لایەنێکی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە کە ئەو کەسەی خەیانەتی کردووە لەو ساتەوە بەدوا تەواو ڕاستگۆ و وەفادار بێت تاکوو متمانەی نێو پەیوەندییەکە چاک ببێتەوە. ئەمە بریتی دەبێت لە کۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو دۆستگرتنە بۆ دیتنەوەی کێشە بنەڕەتییەکان و بەرگری لە دیسان خەیانەتکردن لە داهاتوودا.

ئایا کردەوەگەلێک هەن کە لێبوردنیان بۆ نەبێت؟

نا، هەموو کەسێک ئەو مافەی هەیە هەڵێبژێرێت کە ئاخۆ لە کەسێک ببورێت یان نا. کەسانێکی زۆر هەنە کە لە سەرسووڕهێنەرترین تاوانەکانیش بوراون، بۆ نموونە کەسێک تەقەی لێیان کردبێت یان منداڵەکەیانی کوشتبێت. ئەگەر لێبوردەیی ببێتە هۆی هێمنایەتی و ئاسوودەگی، هیچ کردەوەیک نییە کە لە بازنەی لێبوردەیی بەدەربێت.

ئایا من پێویستە لەگەڵ ئەو کەسەی لێبوراوم، دیسان کۆ ببمەوە و پەیوەندیم هەبێت؟

نا. لێبوردن و کۆبوونەوە، دوو شتی جیاوازن. لێبوردن پرۆسەیەکی ناوەکییە کە نەبەستراوە بە داوای لێبوردن کردن لەلایەن ئازاردەرەکەوە یان پێکهێنانەوەی پەیوەندییەکە.

چۆن لە خۆت ببوریت؟

لێبوردن لە کەسانی دیکە شتێکە و لێبوردن لە خۆت شتێکی دیکە. چی دەبێت کاتێک خۆمان ئەو کەسە بین کە کەسێکی ئازار داوە؟ گرینگە کە بەرپرسیارێتی هەڵەکانمان بگرینە ئەستۆ بەڵام هەست بە تاوان و شەرمەزارییەکی چڕ لە درێژخایەندا بەرهەمێکی ئەوتۆی نابێت.

پرۆسەی لەخۆبوردن دەتوانێت کێشمەکێشێکی ئازاربەخشی هەبێت بەڵام زۆر بەنرخە. لایەنی سەرەکی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە بەرانبەری هەڵەکانمان ببینەوە، بزانین کە بۆچی ڕوویان داوە و هەوڵ بدەین بۆ چارەسەری و هێورکردنەوەی دۆخەکە.

چۆن لە خۆم ببوورم بۆ هەڵەکانی ڕابردووم؟

سەرەتا تێبگە لە هەڵەکەت و بەرپرسیارێتی ئەو ئازارەی درووستت کردووە لە ئەستۆ بگرە. سەرنج بخە سەر ئەوەی کە بۆچی ئەو هەڵەیەت کرد و بۆچی ڕوویدا و ڕێگای بەرگری لە دووپات بوونەوەی لە داهاتوودا بدۆزەوە. ئینجا بە سەرنج خستنە سەر ئەو مەبەستە، لە خۆت ببورە، بە دەنگی بەرز بیڵێ یان بینووسەوە. لەو کەسە کە ئازارت داوە داوای لێبوردن بکە و هەوڵ بدە قەرەبووی هەڵە و خراپییەکەت بکەیتەوە.

بۆچی لەخۆبوردن ئەوەندە ئەستەمە؟

زۆربەی جار هەڵەکان پەیوەست دەبن بە بڕوا بنچینەییەکانمانەوە سەبارەت بە خۆمان، وەکوو “هەمیشە قسەکانم هەڵە دەبن” یان “ناتوانم لە کاتی خۆیدا پارەی حیسابەکانم بدەم”. بۆ لەخۆبوردن پێویستە سەرەتا ئەم بڕوایانە بناسرێنەوە و سەرنجیان پێ بدرێت. ئەم شتە شاراوە و نادیارانە وادەکەن لەخۆبوردن زۆر ئاڵۆز و زەحمەت بێت.

چۆن دەتوانم واز لە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر و خۆبەهیچزانی بێنم؟

ئەگەر هەموو هەوڵی خۆتت داوە بۆ چاککردنەوەی هەڵەکەت بەڵام هێشتا هەر خۆت لۆمە دەکەیت، لە تەکنیکێک بەناوی “دوورکەوتنەوە لە خۆ” کەڵک بگرە. دیالۆگە ناوخۆییەکانت کە لە بیری خۆتدا دەیانڵێیتەوە لە یەکەم کەسەوە بگوازەوە بۆ سێهەم کەس و وا بیری لێ بکەوە وەکوو کەسێک لە دەرەوە سەیری دۆخەکە بکات. ئەمە گەشە دەدات بە هاوسۆزی لەگەڵ خۆت و ئەو ناخە ڕخنەگرەت هێمن و ئارام دەکاتەوە.

سوودەکانی لێبوردن

لێبووردەیی و لێبوردن تەراپی گرێ دراوە بە هەستگەلێکی چڕترەوە لە دڵخۆشی و هیوا و گەشبینییەوە. پرۆسەی لێبوردن هەروەها دەتوانێت بەرگری بکات لە دۆخگەلێک وەکوو دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ناڕێکی گوشار و سترێسی پاش کۆسپی دەروونی1کۆسپی دەروونی (ترۆما): دۆخێکی دەروونی کە بەهۆی شۆکی توند و قورسەوە درووست دەبێت، بەتایبەت کاتێک ئاسەوارە زیانبەخشەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە.. هەروەها پیشان دراوە کە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە بەسوودە و لە ئاستێکی بەرچاودا پەستانی خوێنیان دادەبەزێنێت.

بۆچی دەڵێن لێبوردن بۆ خۆت چاکە؟

هەڵگرتنی ڕق و تووڕەیی دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێس و دڵەڕاوکێ وەکوو کۆرتیزۆل و ئەدریناڵین لەو کاتانەیدا کە ئەو کەسە دێتەوە بیرمان. بەردەوامبوونی شەپۆلی ئەو مادە کیمیاییانە لە جەستەدا دەبێتە هۆی سترێس و گوشار و دڵەڕاوکێ و هەروەها دابەزینی ئاستی داهێنەری و توانای چارەسەری کێشەکان.

لێبوردەی چ سوودێکی بۆ هەستەکانمان هەیە؟

لێبوردەیی دەبێتە هۆی گەشەکردنێکی زۆر لە بواری دەروونییەوە وەکوو کەمکردنەوەی تووڕەیی ناتەندرووست، چاککردنەوەی پەیوەندییە هەرە گرینگەکان، گەشەکردن وەکوو تاکێک، پرۆڤەی چاک بوون بەبێ بەرانبەر. هەروەها بە پیشاندانی لێبوردەیی و فێرکردنی کەسانی دیکە، دەبێتە هۆی چاکتربوونی کەلتوور و کۆمەڵگا.

ئایا لێبوردەی یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمبوونەوەی خەمۆکی؟

لە لێبوردن تەراپیدا داوا لە نەخۆشەکە دەکرێت کە ڕووبەڕووی نادادوەری و ئازارەکانی ببێتەوە و پاشان هەوڵ بدات لە ڕێگای لێبوردنەوە تووڕەییە ناتەندرووستەکانی چارەسەر بکات. ئەم ڕێگەدەرمانە هاوکات لەگەڵ هەڵسووکەوتناسـی تەراپی، دەتوانێت یارمەتیدەری دەرمانکردنی خەمۆکی بێت.

Forgivness / Psychology Today

 

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.