کۆمپانیای فلیمسازی ڕاودساید ئەتراکشن یەکەم ترایلەری فلیمی پینۆکیۆی بڵاو کردووەتەوە. ئەم فلیمە وەشانێکی مۆدەڕن لە چیرۆکە ئەفسانەییە کۆنەکەیە، بە دەرهێنەری ماتیۆ گارۆن و دەورگێڕانی ڕۆبەرتۆ بێنیگنی. فلیمەکە بۆ یەکەم جار لە فەستیڤاڵی نێونەتەوەیی فلیمی بەرلین پیشان درا و سەرنجێکی زۆری ڕخنەگرانی بۆ خۆی ڕاکێشا بە تایبەت بە هۆی گێڕانەوەی بەهێزی گارۆن و وێنەسازییە خەیاڵی و سوریالییە سەیرەکانی فلیمەکەوە. ڕۆبەرتۆ بێنیگنی براوەی خەڵاتی ئۆسکار (ئۆسکاری باشترین ئەکتەر بۆ فلیمی ژیان جوانە)، دەوری ژەپەتۆ دارتاشی چیرۆکەکە دەگێڕێت و ئەکتەرێکی لاوی نوێ بە ناوی فەدەریکۆ ئیلاپی دەوری پینۆکیۆ کوڕە چێوییەکەی نێو چیرۆکەکە دەگێڕێت کە دەورگێڕانێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشە.
فیلمەکە لە شوێنە دڵڕفێنەکانی ئیتالییادا وێنەگری کراوە. جیهانێکی سەرسووڕهێنەر و پڕلە نهێنی و دەورگێڕانی ئەستێرەی سینەما ڕۆبەرتۆ بێنیگینی لە تایبەتمەندییەکانی فلیمەکەن. بێنیگنی دەوری دارتاشە پیرەکە دەگێڕێ کە پینۆکیۆ، بووکەڵەیەکی چێوی، ساز دەکات کە بە شێوازێکی جادوویی زیندوو دەبێتەوە و خولیای بوون بە کوڕێکی ڕاستەقینەی لە سەردایە. پینۆکیۆی ساوا بە ئاسانی فریو دەخوات و لە گەشت و ئەزموونێکی دۆڕاوەوە دەچێتە نێو ڕێگایەکی هەڵەی دیکەوە؛ لە دونیایەکی سەرسوڕهێنەری پڕ لە بوونەوەری خەیاڵی لە نێو زکی ماسییەکی زەبەلاحەوە تا جیهانی لیستۆکەکان و کێڵگەی موعجیزەکاندا بەردەوام تەفرە دەخوات و دەیڕفێنن.
پینۆکیۆ لە سەر ڕۆمانی گەشتەکانی پینۆکیۆ ی نووسەری ئیتالی کارلۆ کۆلۆدی چێ کراوە؛ ڕۆمانێکی منداڵان کە لە ساڵی ١٨٨٣دا بڵاو بووەتەوە. چیرۆکی ئەم بووکەڵە چێوییە کە گیانی تێ دەچێت ماوەیەکی زۆرە جێگای سەرنج و ئیلهام بووە و لە وەشانی جۆراوجۆردا دەرکەوتووەتەوە و ناودارترین وەشانی، ئەنیمەیشنەکەی دیزنییە لە ساڵی ١٩٤٠دا.
دیزنی بڕیارە وەشانێکی جووڵەی زیندوو لە پینۆکیۆ بە دەرهێنەری ڕۆبەرت زەمەکیس درووست بکات و لەوانەیە تۆم هانکس دەوری ژەپەتۆی تێدا بگێڕێت کە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا پاش خوێندنەوەی فیلمنامەکە پێوەندی بە زەمەکیسەوە دەکات و پێ ڕادەگەیەنێت کە دەیەوێت لە فلیمەکەدا بەشدار بێت. دیزنی دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر ساز کردنی وەشانە ڵایڤ ئاکشنەکانی لە فلیمە ئەنیمەیشنییەکان، پاش ئەوەی کە فرۆشی عەلائەدین و شێرپاشا ملیار دۆلاریان تێپەڕاند. هەروەها گیلەرمۆ دێل تۆرۆ سەرقاڵی وەشانێکی ئەنیمەیشنییە بۆ نێتفلیکس.
بەگشتی پێ دەچێت ئەم فلیمە بە دەورگێڕانی بینیگنی و جیهانی مۆدەڕن و تاریکتری گارۆن تەنانەت ئەگەر بینەرێکی زۆرتری نەبێت، ستایشێکی زۆرتری ڕخنەگران و بینەران بۆ خۆی کۆ بکاتەوە.
لە یەکەمین ترایلەرەکەدا دەتوانن دەرکەوتنی بێنگینی و فەدەریکۆ ئیلاپی ببینن:
سەرچاوە: IndieWire, Collider