ناساندنی کتێب: ڕۆمانی کافکا لە کەنار

کافکا لە کەنار – Kafka on the Shore
نووسەر: هارووکی موراکامی – Haruki Murakami
ساڵ: 2002

ڕۆمانی کافکا لە کەنار
ڕۆمانی کافکا لە کەنار

هارووکی مووراکامی وەکوو بەناوبانگترین ڕۆماننووس لە ژاپۆن و هەروەها ناسراوترین ڕۆماننووسی ژاپۆنی لە جیهاندا دەناسرێ. مووراکامی تایبەتمەندییەکانی ژانرە باوەکانی چیرۆک گێڕانەوە وەکوو چیرۆکە پۆلیسییەکان دەگرێت و شێوازێکی نوێیان پێ دەبەخشێ کە زۆرجار ئاکامێکی سوریالی لێ دەکەوێتەوە. خۆی دەڵێ کە پێش ڕۆمانە ژاپۆنییەکان، ڕۆمانە ئەمریکییەکان وەکوو ئەوانەی ئێرنست هێمینگوەی و کورت ڤانێگێتی خوێندووە و گاریگەرییەکانیشی لە سەر نووسراوەکانی دیارە. کتێبەکانی پڕن لە ئاماژەگەلێک بۆ وێژە و فلیم و مۆسیقای ئەمریکی و ئەورووپی. ناسراوترین بەرهەمی، بە نێوی (The Wind-Up Bird Chronicle) ئیلهامی لە درامایەکی تەلەفیزیۆنی دەیڤید لینچ بە نێوی (1991-1990,Twin Peaks) گرتبوو. وەکوو جیهانی لینچ، جیهانی پاش مۆدێڕنی مووراکامیش شوێنێکی تەواو جیاوازە لە واقیع، شوێنێکە هەر شتێک لە هەر کاتێکدا بۆی هەیە ڕوو بدات. زۆربەی پاڵەوانەکانی مووراکامی زەلامگەلێکی تەمەن سی ساڵانن بەڵام کافکا لە کەنار باسی ژیانی تازەلاوێک و پیرەمێردێک دەکات.

کافکا تاموورا کوڕێکی پازدە ساڵانە، لەو ژیانەی لە تۆکیۆ بێزارە و لە ماڵ هەڵدێ. کافکا پێوەندیێکی ناحەزی لەگەڵ باوکیدا هەبووە. کیوچی باوکی کافکا پەیکەرتاشێکی بەناوبانگە. لەو کاتەوە کافکا چوار ساڵی بووە ئیدی دایکی نەدیوە؛ دایکی و زڕخۆشکە گەورەکەی دەچن و ئەمان بە جێ دێڵن. کیوچی پێشگۆیی دەکات کە کافکا ڕۆژێک دەیکوژێت و لە گەڵ دایکی و خۆشکیدا دەخەوێ، ئەم پێشگۆییە بەتەواوی مێشکی دادەگرێ.

ساتۆروو ناکاتا شەست سالییەتی و ئەویش هەر لەو نێزیکانەی کافکادا دەژی بەڵام ئەم دوو کەسە هیچ کات یەکدیان نەبینیوە. کاتێک ناکاتا قوتابی دەبێ لە ساڵانی ١٩٤٤، ڕووداوێکی سەیر و سەمەرە دەقەومێ، ئیدی بیری تێک دەچێت و توانای نووسین و خوێندنەوەشی لە دەس دەدات. ناکاتاش وەکوو کافکا لە لایەن بنەماڵەیەوە کەسێکی لە بیر کراوە. مووراکامی چیرۆکی ئەم دوو کەسایەتییە لە بەشەکانی ڕۆمانەکەدا بە شوێن یەکدیدا دەگێڕێتەوە.

کافکا زۆربەی کاتی بە خوێندنەوە، گوێ گرتن لە مۆسیقای باوی ڕۆژانە، ئیش کردن و بیر کردنەوە سەبارەت بە جنس (سێکس) تێپەڕدەکات. هاوڕێ و پێوەندیێکی نزیکی نیە. هیوای ئەوەیە دایک و خۆشکی بدۆزێتەوە. ناکاتا کە زۆربەری ژیانی گەورەساڵانی بە ئیش کردن بۆ درووس کردنی کەل و پەل داوەتە سەر، بە پارەی یارمەتی دەوڵەت و ئەو پارانە ژیان بە سەر دەبات کە لە ڕێگای دۆزینەوەی پشیلە ون بووەکانەوە بە دەستی دێنێ. ئەو دەتوانێ لە گەڵ پشیلەکاندا قسە بکات و لێیان تێبگات، ئەم پشیلانە کە لە چیرۆکی مووراکامیدا دەر دەکەون، بۆ ناکاتا نێزیکترین کەس و هاوڕێن. مووراکامی جیهانی ناکاتا بە چەشنێک وێنا دەکات کە پارە و سیاسەتی تێدا جێ نابێتەوە. بە گشتی ناکاتا لەو شتانەی ڕوو دەدەن چێژ دەبینێ.

کافکا لە گەڕانەکانیدا دەگات بە تاکاماتسوو لە شیکۆکۆ؛ بچووکترین دوورگە لە نێو چوار دوورگە سەرەکییەکانی ژاپۆندا. بە شوێن کتێبخانەیەک دەگەڕێت بۆ کتێب خوێندنەوە و دەگات بە کتێبخانەی یادگاری کۆموورا کە کۆمەڵێک کتێبی پیاوێکی سامانداری تێدایە. لەوێ لەگەڵ ئیشکەرێکی کتێبخانەکە دەبێت بە هاوڕێ؛ نێرەمۆکێکی هەستیار بە نێوی ئۆشیما. بەڕێوەبەری کێبخانەکەش خاتوون ساکییە کە ساڵانێک پێشتر ئەوینداری کوڕی بنەماڵەی کۆموورا بووە، ئەو کوڕە ساڵانێک پێش مردووە. ساکی پێش مردنی یارەکەی، بە هۆی خوێندن و بڵاو کردنەوەی گۆرانیێک بە نێوی ‘کافکا لە کەنار’ ناوبانگێک دەردەخات. دوایی لە دنیا دەتۆرێ و ئەم ساڵانە سەرقاڵی بە ڕێوەبردنی کتێبخانەکە دەبێت.

ساکی ئیزن دەدات کافکا وەکوو یارمەتیدەری ئۆشیما لەوێ بمێنەێتەوە و ئیش بکات. کافکا لە ژوورێکدا دەمێنێتەوە کە پێشتر ژووری یارەکەی خاتوون ساکی بووە، لەوێش وێنەی نیگارێک بە دیوارەکەوە دەبینێ؛ وێنەی کوڕێکی لاو لە کەناری زەریایەک. ڕۆحی ١٥ ساڵانی خانمی ساکی شەوانە دەچێت کە لە تەنیاییدا بۆ ئەو وێنەیە بڕوانێت. کافکا عاشقی هەم ئەو ڕۆحە هەم جەستەی ئەو خانمە دەبێ کە گومان دەبات ڕەنگە دایکی بێت. کافکا و ئۆشیما سەبارەت بە کێشەکانی ئۆدیپی ئەم پەیوەندییە باس دەکەن. کافکا لە ڕێگایدا بەرەوە تاکاماتسوو، کچێکی ئارایشگەر بە نێوی  ساکوورا دەبینێ و دەکەوێتە نێوان کێشمەکێشێک لە حەزێکی جنسی و ئەوەی کە دەخوازێ ئەو کچە هەر خۆشکە ون بووەکەی خۆی بێت.

لەم ماوەیەدا ناکاتا سەرقاڵی دۆزینەوەی پشیلەیەکە و بۆی دەردەکەوێ زەلامێک بە نێوی جۆنی والکەر خەریکی کوشتنی پشیەکانی ئەو گەڕەکەیە. دواجار جۆنی والکەر ناکاتا ناچار دەکات کە بیکوژێت و پاشان ناکاتا دەچێ بەرەو تاکاماتسوو؛ ئەو شوێنەی کارەساتەکەی کاتی منداڵی تێدا ڕووی دا. شۆفێری لۆرییێک بە ناوی هۆشینۆ ئیشەکەی وێڵ دەکات بۆ یارمەتی دان بە ناکاتا و لەگەڵی دەڕوات.

نە کافکا و نە ناکاتا نازانن بە دووی چی دان، تەنیا کاتێک لە شتەکان تێدەگەن کە ڕوو بدەن و بیانبینن…

*ئەم ڕۆمانە هێشتا بە کوردی وەرنەگێڕداوەتەوە.

سەرچاوە: Enotes

1 سەرنج بۆ “ناساندنی کتێب: ڕۆمانی کافکا لە کەنار

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.