5 خاڵی گرینگ لە هەڵبژاردنی هاوسەردا

ڕێنوێنیگەلێک بۆ دۆزینەوەی هاوسەرێک کە هەستێکی هاوبەش و پێوەندییەکی عاتیفی قووڵتان پێکەوە هەبێت.

بۆ گەیشتن بە بەختەوەری لە پێوەندییەکی عاتیفیدا، سەرەڕای هەبوونی ئەوین و خۆشەویسی پێویستمان بە فێر بوونی زانستی پێوەندی و هەستەکان دەبێت.

لە دۆخی ئاسایی و هێمنایەتیدا، ئاساییە کە هەڵسووکەوتێکی نەرم و نیانمان هەبێت بەڵام لە کاتە ئاڵۆزەکاندایە کە تێکدەچین و هەوڵسووکەوتێکمان دەبێت کە زۆربەی جار هەر زوو پەشیمان دەبینەوە. ئەم دۆخانەیە کە وردە وردە پێوەندییەکان تێک دەدەن و دەبنە هۆی درووست بوونی ئاڵۆزی و کێشەی قووڵتر.

زۆربەمان بە مەنتقێکی ڕەش و سپییەوە سەیری بەرانبەرەکەمان دەکەین و دەڵێین تۆ قەد… تۆ هەمیشە…

ئەم ڕەشبینییە دەبێتە هۆی تێکدانی پێوەندییەکان، باشترە کات بدەین بە یەکدی و زۆرتر لە هەستی یەکتر لە دۆخە جۆراوجۆرەکاندا تێبگەین.

ژیانی هاوبەش و پێوەندییەکی خۆشەویستی بۆ هەموو کەسێک پڕە لە کێشمەکێش و ململانێ، گرینگ نییە دوو کەس چەندە وێنەی یەکدی لە باوەش گرتن و ماچ و ڕامووسانیان لە سەر فەیسبووک یان ئینستاگرام هەبێت، گرینگ نییە چەندە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێوەندییەکی ئەویندارانە دەربخەن و چەندە وێنەی خۆشەویستی بڵاو بکەنەوە، هیچ پێوەندییەکی خۆشەویستی ئاسان و بێزەحمەت درووست نابێت.

هۆکارەکەی دوو ڕاستییە کە بەتەواوی دژی یەکن.

١- هەموومان بە شێوازی زگماگی و سرووشتی پێویستمانە کە خۆش بویسترێین و سەرنجمان پێ بدرێت و ئەگەر ئەم پێداویستییە دابین نەکرێت و لێ بێوەری بین، ناوەندی هەستی تووڕەیی و خەمۆکی لە مێشکدا چالاک دەبێتەوە. بە پێی تێپەڕبوونی کات بە شێوازگەلێکی جۆراوجۆر بەرانبەری ئەم هەستانە دەوەستینەوە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیدی ئەو هەستانە ڕوو نادەن بەڵکوو بەس ڕێگایان لێ دەگرین و ناهێڵین بێنە ناو هەست و ئەزموونی خۆئاگامانەوە.

٢- خەڵک لە پێوەندییەکانیاندا ناتوانن بە شێوازێکی ڕاستییانە و بە تەواوی وەڵامدەری پێداویستییەکانی هاوسەر یان یارەکەیان بن.

بە هەبوونی ئەم دوو ڕاستییەوە کاتگەلێک هەن کە هەست دەکەین هیچ کەس خۆشمانی ناوی، کەس گرینگیمان پێ نادات، دڵمان دەشکێت، زویر و تووڕە دەبین. ئەمە شتێکی خراپ نییە، شتێکی چاکیش نییە، شتێکە کە هەیە.

شێوازی هەڵسووکەوتمان لەگەڵ ئەو ململانێیانە، مەودا و درێژەی پێوەندییەکان پێشگۆیی دەکات. ئێمە دەتوانین لە کۆنترۆڵ کردنی ململانێ و کێشمەکێشەکاندا ببین بە کەسێکی پسپۆڕ. بەڵام هەروا کە دەڵێن بە یەک دەس چەپڵە لێ نادرێ، پێویستە کەسێکی شیاو هەڵبژێرین کە هاوکارمان بێت و ئەرک بکێشێت بۆ درووست کردنی پێوەندییەکی دڵخۆشکەر و درێژخایەن.

لە خوارەوە پێنج تایبەتمەندی باس دەکرێن کە دەبێت لە یارەکەتاندا بیبیننەوە. ئەم تایبەتمەندییانە دڵنیاتان دەکەنەوە کە دەتوانن کاتە ئەستەمەکان تێبپەڕنن و لە ئەنجامدا پێوەندییەکی چڕتر درووست بکەن.

١- توانای هاوسۆزی دەربڕین. هاوسۆزی واتە خۆ نانە جێگای کەسێکی دیکە و تێگەیشتن لە هەستەکانی کە ئەمە دەکرێ تەواو جیاواز بێت لە ڕاستەوخۆ دیتن و هەست کردن بە شتەکان. بە بێ هاوسۆزی ئێمە چۆن دەتوانین لێک تێبگەین!؟ ئەگەر ئەو توانای هاوسۆزییە نەبێت، هەڵسووکەوتێک لە سەر بنەمای هاودەردی و میهرەبانی و تێگەیشتن بۆ هاوسەرەکەتان شتێکی سەرەکی و گرینگ نابێت.

٢- گاڵتە و شۆخی. کاتێک پێوەندییەک تووشیاری ئاڵۆزی دەبێت، شۆخی و گاڵتە و ڕابواردن دەتوانێت کێشمەکێشێک چارە بکات و دۆخێکی خراپ بەرەو چاکە بگۆڕێت و کێشەکە ئاسایی بکاتەوە.

بۆ نموونە هێمن دەزانێت چ کاتێک لەگەڵ هەتاو گاڵتە بکات. تێدەگات چ کاتێک هەتاو ئاڵۆز و شێواوە. هەتاو لە ناکاو ڕەخنە دەگرێت لەو شتانەی کە پێشتر هیچ بۆی گرینگ نەبوون. هێمنیش تێدەگات کە لێ زویر بووە.

بە جێگەی ئەوەی کە دەست بکات بە بەرگری یان پاشەکشە کردن؛ دوو ڕێگە کە زۆر کەم یارمەتیدەر دەبن، بە دەنگێکی گەرم و بە پێکنینەوە پێ دەڵێت: ئەرێ دەتەوێ لەگەڵم بە شەڕ بێی؟

ئەمە وا دەکات هەتاو ڕاوەستێت و بیر لە پرسیارەکە بکاتەوە و لە خۆی بپرسێت کە ئایا ئەوە من خەریکم شەڕ ساز بکەم؟ ئەرێ چما وایە!

ئەو شۆخی و گاڵتەیە وا دەکات هەتاو  لە تووڕەییەکەی ئاگا بێتەوە. ئێستا کە تووڕەییەکەی ئاگایانەیە دەتوانێت تێبگات کە هۆکارەکەی چی بووە و لە سەر چی وا تووڕەیە و ڕاستەوخۆ باسی هۆکارەکەی بکات و لەگەڵ هێمن لەسەری قسە بکات. ئەگەر ئەو داوەت کردنەی هێمن بۆ قسە و گفتووگۆ نەبوایە ئەستەم بوو بتوانێت دەست بکات بە باس کردن لەسەر هۆکاری تووڕەییەکەی.

هەڵبەت شۆخی هەمووکات ڕێگایەکی گونجاو و درووست نییە، بەڵام ئەگەر بەجێگە بێت زۆر کاریگەر دەبێت.

٣- ویست بۆ بەردەوام بوون لە قسە کردن. دوو کەس کە یەکدییان خۆش دەوێت و مەبەستیانە پێکەوە بمێننەوە و پێوەندییەکەیان درێژە پێ بدەن، دەتوانن پێکەوە هەموو کێشە و ئاڵۆزییەک چارەسەر بکەن. هەرچەند چارەسەری کێشەکان پێویستی بە هێمنایەتی و ئیش و ئەرک و کات هەیە. دوو یار یان هاوسەر دەبێت خاڵە هاوبەشەکانیان بدۆزنەوە یان بتوانن بیر و ڕا جیاوازەکان قەبووڵ بکەن.

چارەسەر کردنی کێشەکان کات دەبات چونکە دەبێت هەنگاو و قۆناغگەلێکی جۆراوجۆر بەرچاو بگیرێن تاکوو هەردوو لایەنەکە بگەن بەو قەناعەتەی کە گوێیان لێ گیراوە. قسە کردن بریتییە لە ڕوون کردنەوەی کێشەکە، تێگەیشتن لە مانا قووڵەکان و ئاستی گرینگی کێشەکە و ئەوەی کە دڵنیا ببنەوە هەردووکیان لە دۆخی ئەوی دی تێگەیشتوون و ڕێگە بدەن هەستەکانیان سەبارەت بە دۆخەکە دەرببڕن، هاوسۆزی بۆ یەکدی دەرببڕن و سەرقاڵی بیر کردنەوە بن تاکوو ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە کە بۆ هەر دوو لایەنەکە چاک بنوێنێت.

پێویستە لەسەر کێشەکان باس بکرێت تا ئەو کاتەی هەر دوولایەنەکە بە قەناعەت بگەن و هەست بە ئاسوودەیی بکەن.

٤- تێگەیشتن لە بنەماکانی شێوازی ئیش کردنی هەستەکان. لە کاتی ئاڵۆزی و کێشمەکێشدا هەستەکان زاڵ دەبن. هەستەکان لە مێشکی هەمووماندا بە یەک چەشن ئیش دەکەن و کاریگەرییان هەیە. گرینگ نییە چەندە ژیر و زیرەک بین، کەسمان ناتوانین بەر بە هەستەکانمان بگرین بە تایبەت لە کاتی دۆخە ئاڵۆزەکان و مەترسییەکاندا.

بەس پاش هەڵقوڵینی هەستەکانە کە هەندێک بژاردەمان هەیە؛ ئەوەی کە چۆن وەڵام بدەینەوە و چ هەڵسووکەوتێکمان هەبێت. هەندێ خەڵک خێرا بڕیار دەدەن و هەموو وزە و هێزیان بەر دەدەن، بەم چەشنەیە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکان گەورە دەبنەوە. کەسانی دی ڕادەمێنن و ڕادەوەستن و بیر دەکەنەوە کە چ کردەوەیەکیان هەبێت باشترە. بیر کردنەوەی پێش قسە کردن و بڕیار دان باشترین ڕێگەیە چونکە ئەو دەرفەتەمان پێ دەبەخشێت کە کۆنترۆڵێکی زۆرترمان لە سەر بڕیارەکانمان و ئەنجامی قسەکانمان هەبێت.

بە بێ تێگەیشتن لە هەستەکان، یار یان هاوسەرەکەتیش لە تۆ تێناگات و لەوانەیە لۆمەت بکات یان کاردانەوەیەکی خراپی هەبێت.

ئێمە پێویستیمان بە کەسێکە دۆخ و حاڵی خراپ و وەڕزییەکانمان بە خۆی نەگرێت و بە جێگەی دژکردەوە لێمان بپرسێت کە چی بووەتە هۆی دڵگرانی و پەرۆشیمان!؟ ئێمە پیویستمان بە کەسێکە گوێمان لێ بگرێت بێ ئەوەی دەست بکات بە بەرگری کردن یان لانیکەم هەوڵی بۆ بدات. پێویستمان بە کەسێکە تێبگات هەندێ جار کێشەیەک نییە بۆ چارەسەر کردن و بەس پێویستمان بە کەسێکە گوێمان لێ بگرێت؛ بە ئارامی و لەسەرخۆ گوێ گرتن، ئامێرێکی بەهێزە بۆ هاوژینەکان. پێویستمان بە یارێکە داواکاری ئەوە بێت کە ئەویش هەر بەو چەشنە و بە تێگەیشتن و گرینگی دانەوە لەگەڵی مامەڵە بکرێت.

ڕیز گرتن لە هەستەکانی یارەکەت بەو مانایە نییە کە گرینگی دانت بە هەستەکانی ئەو ببێت بە هۆی ڕووخانی هەستەکانی خۆت، ئەمە دواجار دەبێتە هۆی ساز بوونی ناحەزی و تێکچوون. هەروەها بەو مانایە نییە کە ئیزن بدەیت کە بێڕێزیت پێ بکرێت یان ئازار بچێژیت. بەڵکوو بەو مانایەیە کە کاتێک هاوژینەکەت پەرۆش و دڵگرانە، گرینگی پێ بدەیت، بیبینیت و یارمەتی بدەیت و هەوڵ بدەیت بۆ چاکتر بوونەوەی.

٥- تێگەیشتن لە گرینگی دابین کردنی یاسا بنەماییەکان. لە سەرەتای پێوەندییەکانەوە زۆربەی کات هەموو شتێک ئاسایی و هێمنە. بەڵام کاتێک سەردەمی دەزگیرانی تێپەڕ دەبێت، ئەوسایە کە جیاوازییەکان و ناکۆکییەکان دەردەکەون. پێش دەرکەوتنی ناکۆکییەکان باشترە کە سەبارەت بە دابین کردنی هەندێک خاڵ و یاسای بنەمایی بۆ کاتی ناکۆکی و دەمەقاڵەکان قسە بکرێت.

یاسا بنەماییەکان ئەو خاڵانەن کە دابین دەکرێن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی کاریگەر و ئەرێنی شەڕ بکرێت. ئامانج فێر بوونی هەندێک شێوازی تایبەتە بۆ ئەوەی بتوانن لە گەرمەی شەڕ و ناکۆکیدا یارمەتی یەکدی بدەن. بۆ نموونە دەتوانن کۆک بن لە سەر ئەوەی کە لە کاتی شەڕ و دەمەقاڵەدا بە جێگەی قێڕاندن و هاوار کردن بە سەر یەکدیدا، بە هێمنی پێکەوە قسە بکەن.

لە دابین کردنی یاسا بنەماییەکاندا مەبەست پێشگۆیی کردنی ناکۆکی و دەمەقاڵەکانە و هەروەها پرۆڤە کردنی ئەوەی کە چۆن بەر بە کێشە و تێکچوون بگرین. ئەم کارە دەبێت پێش ڕوودانی شەڕەکان بکرێت چونکە لە کاتی شەڕدا نەک تۆ و نەک هاوژینەکەت هێمن نین و لۆجیکتان نییە و بۆ ماوەیەک نوقمی هەسستەکانتان دەبن و هەستەکانتان بەسەر بیر کردنەوەدا زاڵ دەبن. ئامانج ئەوەیە کە لەو کاتەدا ڕێزگر بمێنن. هاوژینەکەت فێر دەبێت چی بکات تاکوو کێشەکەی تۆ ئاڵۆزتر نەکات و تۆش فێر دەبیت کە چۆن کێشەکە بۆ ئەو ئاڵۆز نەکەیت. چونکە هەر کامەتان سەبارەت بە خۆتان شارەزان کەواتە ئەوی دی فێر دەکەن کە لە کاتی تووڕەیی، زویر بوون، خەمۆکی و هتد چیتان پێویستە.

هەر کەسێک لە سەر شتگەلێکی تایبەت هەستیارە و شتێک تووڕەی دەکات. ڕەنگە “سەر لەقاندن” کەسێک تووڕە بکات کەچی لە سەر کەسێکی دی هیچ کاریگەرییەکی نەبێت. کەواتە دەستوورێکی بنەمایی دەتوانێت ئەمە بێت کە لە کاتی باس کردندا “سەر مەلەقێنە”. کردارگەلێک وەکوو بڕینی وتووێژێک، هەڕەشەی جیا بوونەوە، یەکدی شکاندنەوە و بێڕێزی و قسەی ناحەز یان تووڕەیی نموونەگەلێک لەو ئاکارانەن کە دەبنە هۆی چالاک بوونەوەی پەرچەکرداری بنەمایی خۆپاراستن لە مێشکدا. ئەمە هیچ ئاکامێکی چاکی بەدواوە نابێت.

بۆ نموونە یاسا بنەماییەکانی من ئەمانە دەبن

  1. بێڕێزی بە یەکدی نەکەین
  2. باسێک جێ نەهێڵین مەگەر ئەوەی کە هۆکارێکی هەبێت و بڵێین کە پاشان درێژە بە باسەکە دەدەینەوە.
  3. هاوار نەکەین.
  4. بە بیری یەکدی بهێنینەوە و بڵێینەوە کە یەکمان خۆش دەوێت و بەرانبەرەکەمان بۆمان گرینگە تەنانەت لە کاتی تووڕەیدا.
  5. هەستی بەرانبەرەکەمان نزم نەنرخێنین و کەمتەرخەم نەبین بەرانبەر هەستی یەکدی.
  6. هەڕەشەی جیا بوونەوە لە یەکدی نەکەین.
  7. وتووێژێک تەواو نەبووە تا ئەو کاتەی هەر دوو لایەنەکە بە قەناعەت بگەن و پێیانوابێت کە چاکتر بوون. بەڵام کێشە نییە کە پشوویەک لە نێوانیدا بدرێت بە مەرجێ کە ماوەیەکی دیکە یان چەن ڕۆژی دیکە بە مەبەستی چارەسەری کێشەکە دیسان درێژەی پێ بدرێتەوە.

سەیر کەن چەندە جوان دەبێت کە بزانیت و تێبگەیت کە بەرانبەرەکەت کاتێک خەمبارە چی پێویستە و بتوانیت یارمەتی بدەیت؟
چەندە جوان دەبێت کە کاتێ خەمبار و وەڕسی هاوژینەکەت بزانێت چیت پێویستە بۆ چاکتر بوونەوە و ئەوەت بۆ بکات؟
چەندە جوان دەبێت کە بزانیت چۆن ناکۆکییەک کۆنترۆڵ بکەیت پێش ئەوەی ڕوو بدات؟

کاتێک لە نێوان شەڕێکدا سەیری یەکدی دەکەن و بە خۆتان دەڵێن “ئەوە چ تایبەتمەنیدیەکی تۆ بوو کە خۆشم دەویست؟” دڵخۆش دەبن کە پێشتر لەسەر ئەو دۆخ و ناکۆکیانە باستان کردووە. ڕەنگە تەنانەت پێکەوە دەست بکەن بە پێکەنین و هەست بە شانازی بکەن کە پێشتر خۆتان ئامادە کردووە بۆ وەها دۆخێک و بە خۆتان بڵێن “چاکە هەر وەکوو ئەو شتە بوو کە پێشتر باسمان کردبوو” جێگای دڵخۆشی دەبێت کە ئەمە ئاسوودەگییەک دەبەخشێت پێتان و چڕی ئەو ناحەزی و ناخۆشییە کاڵ دەکاتەوە کە شەڕ کردن لەگەڵ خۆشەویستێکدا بەرهەمی دێنێت.

ڕەنگە دۆزینەوەی کەسێک بە ئەم پێنج تایبەتمەندییەوە ئاسان نەبێت. ڕەنگە زەحمەت بێت و ئاماژە کردن بەم خاڵانە پێویستی بە نەختێک ئازایەتی بێت. بەڵام ئەو بڕوایەت هەبێت کە تۆ شایەنی ئەوەی لە پێوەندییەکی دڵگەشی دوولایەنەدا بیت. هەروەها ئەو بڕوایەت هەبێت کە خەڵکێکی زۆر لە جیهاندان کە ژیانێکی هاوبەشی سەرشار لە ئەوینیان دەوێت. ئەم پێنج تایبەتمەندییە یارمەتیتان دەدەن هاوژینێکی ئەویندار و خۆشەویست بدۆزنەوە.

سەرچاوە:

Hilary Jacobs Hendel / 2020 / ‘5 Crucial Qualities to Seek in a Partner’ / Psychologytoday

 

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.